كوردى عربى ئینگلیزى
searh
 
Home لاپه‌ڕه‌ى سه‌ره‌كى > زانیاری > هه‌واڵ و ئاگاداریى
هه‌واڵ و ئاگاداریى

نووسه‌ر Web Admin به‌روار 31/10/2019
بابه‌ت فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل پەردە لەسەر ژمارەیەك خزمەتگوزاری بۆ گەشتیارانی لا دەدات
ناوه‌رۆك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل پەردە لەسەر ژمارەیەك خزمەتگوزاری بۆ گەشتیارانی لا دەدات

• گەورەترین شاشە لە عێڕاق
• نۆژەنكردنەوەی توالێتەكان
• سیستەم و شاشەی نوێی زانیاری گەشتەكان
• مانگی ئاب ژمارەی پێوانەیی شكاند لە رووی ژمارەی گەشتیارانەوە

ئەمڕۆ، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل پەردەی لەسەر گەورەترین شاشەی (LED) لە سەرانسەری عێڕاق لا دا، کە دەکەوێتە ئێرسایدی فڕۆكەخانە و لە رێگەیەوە پێشوازی لە گەشتیاران و میوانانی هەرێمەكەمان دەكرێت. رووبەری شاشەکە (633) مەتر چوارگۆشەیە (90.4 مەتر پانی و 7 مەتر بەرزی).
شاشەکە بەرگەی گەرمای بەرز و ئاو دەگرێت و پەردە (LED)ەکەی لە وڵاتی چین دروست کراوە و لە وڵاتی هۆڵەندا پەرەی پێ دراوە. ئەم جۆرە شاشانە کە لە مۆڵەکانی بازاڕكردن زیاتر دادەنرێن، یەکەمین شاشەی لەم جۆرەیە لە عێڕاق و لە ژمارەیەكی زۆر کەمی فڕۆكەخانەکانی جیهان بوونی هەیە.
لە کاتی شە و رۆژدا، ئەم شاشەیە بە شیوەیەکی ئۆتۆماتیكی رووناکی خۆی رێك دەخات بە جۆرێك کە نابێتە هۆی دروستكردنی کێشەی بینین بۆ فڕۆكەوان و تیمە فڕۆکەوانییەكەی، لە کاتی وەستاندنی فڕۆكە کە دەكەوێتە بەرانبەری.
ئەم شاشەیە توانای بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی هەیە و جێگای تابلۆیە کۆنەکەی فڕۆكەخانە دەگرێتەوە کە ناوی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتی ئەربیل لەسەر بوو.
ئەم پڕۆژەیە بەشێكە لەو پرۆگرامەی وەبەرهێنان لەناو فڕۆكەخانە كە ئێستا لەئارا دایە بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی گەشتیارانی فڕۆكەخانە کە بێجگە لەم پڕۆژەیە، هەریەك لە پڕۆژەكانی نۆژەنکردنەوەی ژوورەکانی جگەرەكێشان، دەروازەكانی پشكنینی پاسپۆرت و شاشەی نوێی زانیاریی گەشتەكان لەژێر چەتری ئەم پرۆگرامەن.
لەم هەفتەیەدا، دەرگای توالێتە نۆژەنکراوەكان کرانەوە و ئامادەن بۆ بەکارهێنان لەلایەن گەشتیارانەوە. قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە بریتی بوو لە نۆژەنکردنەوەی (18) توالێت. لە پاڵ ئەمەش، هەریەك لە بەشی کەمئەندامان، بەشی گۆڕینی جلوبەرگی منداڵان و شوێنی تایبەت بۆ نوێژكردن لەخۆ دەگرێت. بە لەبەرچاوگرتنی پاك و خاوێنی و كەمتر بەكارهێنانی ئاو، توالێتە نوێیەكان بەبێ بەکارهێنانی دەست دەتوانرێن بەكاربهێنرێن.
لەلایەكی دیکەوە، گەشتیاران تێبینی دانانی سیستەم و شاشەی نوێی زانیاری گەشتەكان (FIDS – Flight Information Display System) دەكەن لە تێرمیناڵ كە بەرهەمی کۆمپانیای (IKUSI)ە لە وڵاتی ئیسپانیا و بەوێ بەستراوەتەوە.
توالێتە نۆژەنكراوەكان، سیستەم و شاشەی نوێی زانیاری گەشتەكان، ژوورە نوێیەكانی جگەرەكێشان، دەرگاكانی پشكنینی پاسپۆرت و شاشە نوێیەكەی ئێرساید بەشێكن لە پلانی ستراتیژی پێشخستنی فڕۆكەخانە، كە دوابەدوای نوێكردنەوەی سیستەمی ساردکەرەوەی فڕۆكەخانە لە ساڵی (2018) و دانانی سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی پێشكەوتوو و چاككردنەوەی سەقفی تێرمیناڵ دێن، كە دوای چەندین ساڵ گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای دروستكەری فڕۆكەخانە (کۆمپانیای ماكیۆڵ) لەسەر ئەم كێشانە، گەیشتینە رێكەوتن. هەریەك لە خزمەتگوزارییەكانی (Wifi)ی خێرا و (Duty Free)یەكی پێشكەوتووتر و كافیتریایەكی فراوانتر لەوەی كە ئێستا هەیە، لە پلانەكانی داهاتووی فڕۆكەخانە دان.
لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە ئاماری گەشتیارانی فڕۆكەخانە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، فڕۆكەخانە زۆرترین ژمارەی گەشتیارانی لە مێژووی خۆیدا بۆ مانگێك تۆمار كرد كە بریتی بوو لە (215,000) هەزار گەشتیار بە چوون و هاتنەوە. رێكۆردی پێشووتر هەر لە مانگی ئابدا بوو لە ساڵی (2017) كە تیایدا ژمارەی گەشتیاران (200,969) گەشتیار بوو. رێژەی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران لە نێوان ئەم دوو ژمارەیەدا (%14) بوو. بەپێی ئەم ریكۆردە نوێیە، رۆژانە (6,935) گەشتیار بە فڕۆكەخانەدا رۆیشتوون و هاتوون. لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵیشدا، کە مانگی دوای تەواوبوونی وەرزی گەشت و گەڕانە، ژمارەی گەشتیاران دابەزینی بەخۆوە بینی بۆ (178,008) گەشتیار، بەڵام بە بەراورد بە هەمان مانگی پارساڵ، رێژەی گەشتیاران لەو مانگەدا بە رێژەی (%3) زیادی كردووە.
لەم بارەیەوە، خاتوو تەلار فایەق، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل رایگەیاند: "هاوینێكی پڕ لە گەشتیارمان بەسەر برد و دڵخۆشین کە فڕۆكەخانەکەمان ئەم زیادبوونەی ژمارەی گەشتیاران بەخۆوە دەبینێت، دوای نەمانی ئابڵوقەی سەر گەشتە نێودەڵەتییەكان. كارمان لەسەر خاڵی دواكەوتنی گەشتەكان كردووە کە هەرچەندە حاڵەتێكی تەواو ئاساییە لە سەرجەم فڕۆكەخانەكانی جیهان، بەڵام لە فڕۆكەخانەكەماندا زۆر کەم بۆتەوە و بە تەواویش ئامادەکاریمان كردووە لە رووی پشكنینی پاسپۆرت و ئاسایشەوە، لە حاڵەتی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و گەشتەكان".
خاتوو تەلار وتیشی: "ئەم شاشە نوێیەی فڕۆكەخانە، توالێتە نۆژەنكراوەكان، ژوورە نوێیەكانی جگەرەكێشان، سیستەم و شاشەی نوێی زانیاری گەشتەكان و دەرگاكانی پشكنینی پاسپۆرت، سەرجەمیان بەشێكن لەستراتیژییەتی ئێمە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكی سەلامەت و ئاسان بۆ گەشتیارەكانمان لە فڕۆكەخانەکەماندا. ئێمە دەروازەین بۆ هەرێمەكەمان و دەمانەوێت بە باشترین شێوە خزمەت بە گەشتیارەكانمان پێشكەش بكەین".
ئەوەشی راگەیاند: "لە پاڵ گەشتیارەكانماندا، كاری باشمان لە بواری کارگۆشدا ئەنجام داوە بە شێوەیەك کە ماوەی پڕۆسەی هەناردە و هاوردەكردنی کەلوپەلەكان خێرا تر بكرێت لەلایەن هەریەك لە ئاسایش و گومرگەوە. هەروەك چۆن دەمانەوێت کە ئاسانكاری بكەین بۆ گەشتیاران لەكاتی بەكارهێنانی فڕۆكەخانە، بە هەمان شێوە دەمانەوێت كاری كارگۆ خێراتر بێت بۆ ئەو كەسانەی بارەكەیان بەوێدا دەهێنن بۆ ناو هەرێم و فڕۆكەخانەكەمان ببێتە بژاردەی بواری باری ئاسمانی لە هەموو عێڕاق".
فایل No File
  List

په‌یوه‌ندی كردن