كوردى عربى ئینگلیزى
searh
 
Home لاپه‌ڕه‌ى سه‌ره‌كى > زانیاری > هه‌واڵ و ئاگاداریى
هه‌واڵ و ئاگاداریى

نووسه‌ر Web Admin به‌روار 17/12/2018
بابه‌ت وتەکانی خاتوو تەلار بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەولەتی ئەربیل لە ڕۆژی ئالای پیرۆزی کوردستان
ناوه‌رۆك بەیانیتان باش و هەمووتان بەخێرهاتن بۆ مەراسیمی رۆژی ئاڵا،
جێگای خۆشحاڵی منە کە ئەمڕۆ پێشوازیتان لێ دەکەم و سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ پشتگیری و کارکردن و ماندووبوونی بەردەوامتان لە بەرقەرارکردنی هاتووچۆی گەشتەكان بە شێوەیەكی ئاسایش و سەلامەت لە فڕۆكەخانەکەمان کە دەروازەی کوردستانە بە رووی جیهاندا.

پارساڵ لەم کاتانەدا، بابەتی هەرە گرنگمان ئابڵوقە و داخستنی فڕۆکەخانەکەمان بوو بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکانەوە.
لە مانگی کانوونی یەکەمی پارساڵدا، ئێمە لە سێیەمین مانگی ئابڵوقەکە بووین و پێشبینییەکان ئەوە بوون کە لە کۆتایی ماوەی دیاریكراوی ئابڵوقەکە کە کۆتایى مانگى (١٢/٢٠١٧) بوو، ئابڵوقەکە هەڵبگیرێت، بەڵام بەو شێوەیە دەرنەچوو، بەڵکو درێژتر کرایەوە و زیانێكی ئابووری زۆر گەورەی بۆ هەرێم و حكومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو.

لێرەدا، دەمەوێت ئەمە بە بیرتان بخەمەوە کە لە تەواوی ماوەی ئابڵوقەکەدا، ستافی فڕۆکەخانەکەمان هەروەکو رۆژانی ئاسایی ئامادەی سەر کارەکانی بوو و بەردەوام بوو لە راپەڕاندنی ئەرکی رۆژانەی خۆی و بەم شێوەیەش فڕۆكەخانە بەردەوام بوو لە پێشوازی و بەڕێكردنی گەشتە ناوخۆییەكان و ئەنجامدانى چەندەها پڕۆژەى گرنگ.
ئەمەش جێگای بیرهێنانەوەیە کە ئەمساڵ بەبێ هیچ کێشە و گرفتێكی بەرچاو ئەرك و کارەکانی خۆمان بەجێ گەیاند. لە ساڵی داهاتوودا، هەروەکو ساڵانی پێشتر، هەمیشە سەلامەتی بەر لە هەموو شتێكەوە دێت لە ئێرساید و لاندساید.

سەرەڕای ئەوەی کە ئاسایش و سەلامەتی گرنگترین دوو فاكتەری فڕۆكەخانەکەمانن، بەڵام پێویستیش دەکات کە گرنگییەکی زۆر بە بەرەوپێشبردنی فڕۆکەخانەکەمان بدەین و لەوە دڵنیا بین کە گەشتیارەکانمان، چ ئەوانەی دەڕۆن یاخود ئەوانەی دێن، بە ئاسوودەییەوە گەشتەکانیان ئەنجام دەدەن.

دەمەوێت ئاماژەش بەوە بکەم کە لەمساڵدا، ژمارەیەك پڕۆژەمان جێبەجێ كردووە و لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاکو ئێستا کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە دەست بە جێبەجێ کردنی هەندێكی دیكەیان بكەین. لە چەند مانگی داهاتوودا، هەموومان سەرقاڵی ئەوە دەبین کە باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە گەشتیارەکانمان و كٶمەڵگاکەمان بكەین.

لە کۆتایی مانگی ئازارەوە کە فڕۆكەخانەکەمان دووبارە بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا كرایەوە جێگەى تێبینى و خۆشحاڵى بوو کە هەموو هێڵە ئاسمانیکان دەست بە جێ گەرانەوە و دستیان بە گەشتەکانیان کردەوە وئیمەش بە شێوەیەکی لەسەرخۆ گەڕاینەوە باری ئاسایی و پێشووتری خۆمان.
لە کاتی ئێستادا، ژمارەی گەشتیاران خەریكە زیاد دەبێت، بەڵام بەهۆی ئابڵوقەکە و لەدەستدانی سێ (٣) مانگ، نزیكەی (١٠ %)ی رێژەی گەشتیارانمان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار كەمی کردووە. پارساڵیش بە هەمان شێوە، رێژەی گەشتیارانمان بە (١٠ %) بە بەراورد لەگەڵ (٢٠١٦) کەمی کردبوو، ئەمیش دیسان بەهۆی سێ (٣) مانگی یەکەمی ئابڵوقەکەوە.

لێرەدا، بە ئەركی خۆمانی دەزانین کە ئاسانکاری بۆ هێڵە ئاسمانییەکان بکەین بۆئەوەی روو لە فڕۆکەخانەکەمان بکەن و هەروەها گەشتیارەکانمان خۆشحاڵ بن و لە رووی بازرگانیشەوە، پێشكەوتن تۆمار بکەین. دووبارە داوای ئەوە لە هەموومان دەکەم کە گرنگی بە كار و ئەركی خۆمان بدەین و هەر یەكێك لە ئێمە ئەوەی پێویستە بۆ فڕۆکەخانە بیكات بۆئەوەی دڵنیا بین لە بەردەوامبوونی ئەم پێشكەوتنە بۆ فڕۆكەخانەکەمان كە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی گشتی كوردستان تەواو دەبێت.

ئەمرۆ کاتێک ئاهانگی رۆژى ئاڵامان دەگێرین دەبێت لە بیرمان بێت و باش بزانین کە هەر یەک لە ئێمە رۆڵێکى گرنگى هەیە لە هێشتنەوەى ئەو ئاڵایە بە بەرزى و شەکاوەیى و لە هەمان کات ئەرک و رۆڵى خۆشمان بە چالاکى بگێرین بۆ ئەوەى فڕۆکەخانەکەمان وەک دەروازەى سەرەکى وڵاتەکە بکەینە جێگەى شانازى هەموو هاوڵاتیەک و کوردستان
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان
فایل No File
  List

په‌یوه‌ندی كردن