كوردى عربى ئینگلیزى
searh
 
Home لاپه‌ڕه‌ى سه‌ره‌كى > زانیاری > هه‌واڵ و ئاگاداریى
هه‌واڵ و ئاگاداریى

نووسه‌ر Web Admin به‌روار 17/07/2018
بابه‌ت فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر راپۆرتێكی هه‌ڵبه‌ستراوی كه‌ناڵی كوردستان 24 ده‌دات
ناوه‌رۆك
فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل، له‌باره‌ی ئه‌و راپۆرته‌ی كه‌ له‌ رێكه‌وتی (28/6/2018) له‌ كه‌ناڵی كوردستان 24 بڵاوكراته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گیرخواردنی (200) گه‌شتیاری هێڵی ئاسمانی ئه‌تڵه‌س جێت له‌ فڕۆكه‌خانه‌ بۆ ماوه‌ی (9) کاتژمێر، ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌دات:
سه‌ره‌تا، كه‌ناڵی كوردستان 24، به‌ر له‌ رووماڵكردنی رووداوه‌كه‌، په‌یوه‌ندی به‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نیوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیله‌وه‌ نه‌كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی راست و دروستی ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵکو ته‌نها رای لایه‌نێكی رووداوه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی لاواز له‌ بواری راگه‌یاندن كه‌ پێچه‌وانه‌ و دووره‌ له‌ هه‌موو ستاندارده‌ یاساییه‌كان.
له‌م باره‌یه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ وتی: "ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز عه‌لی ره‌شیده‌وه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ فڕۆكه‌خانه‌، هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌ و دوورن له‌ راستییه‌وه‌".
وتیشی: "له‌ رێکه‌وتی (28/6/2018) و له‌ كاتژمێر (10)ی شه‌و، ژماره‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی پێوه‌ كردم و دواتر نامه‌یه‌كی بۆ ناردم كه‌ تیایدا خۆی ناساند. دوای خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كه‌، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵی كرد و دواتر په‌یوه‌ندیم به‌ به‌ڕێز نه‌وزاد هادی، پارێزگاری هه‌ولێر كرد و چه‌ندین په‌یوه‌ندی تریشم به‌ ستافی فڕۆكه‌خانه‌كه‌مانه‌وه‌ كرد سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌‌".
ناوبراو ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "ده‌وامی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كارگێڕی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل کاتژمێر (15.30) ته‌واو ده‌بێت و ته‌نها ستافی شه‌فتات و ئێشكگر دوای ئه‌و كاتژمێرانه‌ ده‌وام ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من به‌رپرسی به‌شی تێرمیناڵ و ستافی ئۆپیره‌یشنم له‌م بابه‌ته‌ ئاگادار كرده‌وه‌ که‌ خۆیان سه‌ره‌ڕای ته‌واوبوونی ده‌وامیان له‌گه‌ڵ ستافی ئێشكگر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ بوون". هه‌روه‌ها وتی: "بڕیار وابوو كه‌ گه‌شتی ژماره‌ (1291)ی هێڵی ئاسمانی ئه‌تڵه‌س جێت له‌ رێکه‌وتی (28/6/2018) کاتژمێر (13:00) ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی کێشه‌ی ته‌كنیكی فڕۆكه‌كه‌وه‌، هێڵه‌كه‌ نه‌یتوانی له‌و کاتژمێره‌ گه‌شته‌كه‌ ئه‌نجام بدات. ئه‌م کێشه‌ ته‌كنیكییانه‌ رۆژانه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان روو ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌رپرسیارێتی ئه‌م جۆره‌ کێشانه‌ ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هیچ فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك. فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل، هه‌روه‌كو هه‌ر فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی دیكه‌ له‌م جیهانه‌دا، ناتوانێت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر هیج فڕۆكه‌وانی فڕۆكه‌یه‌ك كه‌ گه‌شته‌كه‌ی ئه‌نجام بدات له‌ كاتی هه‌بوونی کێشه‌ی ته‌كنیكی له‌ فڕۆكه‌كه‌یدا!".
ناوبراو ئه‌وه‌شی وت كه‌: "هه‌ردوولا، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فڕۆكه‌ی گه‌شتیارییان نییه‌ تا فڕۆكه‌كه‌ به‌ یه‌كێكی دیكه‌ بگۆڕن و گه‌شته‌كه‌ی پێ ئه‌نجام بده‌ن هه‌روه‌ك به‌ڕێزیان داوایان ده‌كرد. كاتێك كه‌ کێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی دروست ده‌بێت له‌ فڕۆكه‌كانی هێڵه‌ ئاسمانییه‌كان كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل گه‌شت ئه‌نجام ده‌ده‌ن. جگه‌ له‌وه‌، کاتێك كه‌ کێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی دێته‌ ئاراوه‌، هێڵی ئاسمانی به‌رپرسیار ده‌بێت به‌رانبه‌ر به‌ گه‌شتیاره‌كان. له‌م رووداوه‌ی كه‌ لێره‌ روویدا، ستافی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل و ستافی هێڵی ئاسمانی له‌وێ ئاماده‌بوونییان هه‌بوو، بۆیه‌ راست نییه‌ كه‌ بووترێت ته‌نها ستافی ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌ (كه‌ ئه‌وانیش هه‌ر كارمه‌ندی فڕۆكه‌خانه‌ن) له‌وێ بوون".
خاتوو ته‌لار فایه‌ق وتیشی: "شتێكی نادروستی دیكه‌ش كه‌ به‌ڕێز عه‌لی ره‌شید باسی ده‌كات له‌ قسه‌کانیدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌شتیاره‌كان زیندانی كراون له‌ فڕۆكه‌خانه‌! ئه‌مه‌ راست نییه‌، به‌ڵکو گه‌شتیاره‌كان بژارده‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی پاره‌ی بلیتی فڕۆكه‌که‌یان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی جانتاكانیان و ده‌رچوون له‌ فڕۆكه‌خانه‌ش خرابووه‌ به‌رده‌میان و ئه‌وه‌ی راستی بێت (13) گه‌شتیار ئه‌م بژاره‌ی هێڵی ئاسمانی ئه‌تڵه‌س جێتیان هه‌ڵبژارد كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و هێڵه‌ ئاسمانییه‌وه‌ پێشكه‌شیان كرابوو و جانتاكانیان وه‌رگرت و فڕۆكه‌خانه‌یان به‌جێهێشت".
وتیشی: "له‌ میانه‌ی دواکه‌وتنی فڕۆكه‌كه‌ به‌هۆی کێشه‌ی ته‌كنیكییه‌وه‌ كه‌ له‌نێوان کاتژمێره‌کانی (13:00 – 00:30) بوو، (3) جار ژه‌مه‌ خواردن به‌سه‌ر گه‌شتیاره‌كاندا دابه‌ش كرابوو. ئه‌م جۆره‌ ژه‌مه‌ خواردنه‌ كه‌ له‌ جۆری خواردنی ناو فڕۆكه‌یه‌ له‌لایه‌ن هێڵی ئاسمانی ئه‌تڵه‌س جێته‌وه‌ دابه‌ش كرابوو. جۆری خواردنه‌ دابه‌شكراوه‌كه‌ به‌پێی هێڵی ئاسمانییه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ روون بكرێته‌وه‌ که‌ له‌ گشت رووداوێكی له‌م جۆره‌دا، ئه‌م رێكارانه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێن و هێڵه‌ ئاسمانییه‌كه‌ بڕیار ده‌دات چ جۆره‌ خواردنێك پێشكه‌ش به‌ گه‌شتیاره‌كان بكات".
ناوبراو هه‌روه‌ها وتی: "لێدوانه‌كه‌ی به‌ڕێز عه‌لی ره‌شید بۆ كه‌ناڵی کوردستان 24 پڕه‌ له‌ هه‌ڵه‌ و شتی نادروست. له‌ لێدوانه‌كه‌دا وا هاتووه‌ (گوایه‌ من به‌ به‌ڕێز عه‌لی ره‌شیدم وتووه‌ من ناتوانم هیچ شتێك بكه‌م)! له‌ راستیدا، من بۆ به‌ڕێزیانم روون كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی هه‌بوونی کێشه‌ی ته‌كنیكی له‌ فڕۆكه‌یه‌كدا، ئێمه‌ توانا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌مان نییه‌ كه‌ فشار له‌ فڕۆكه‌وان بكه‌ین گه‌شته‌كه‌ ئه‌نجام بدات. به‌پێی سه‌رجه‌م یاسا فڕۆكه‌وانییه‌كان، فڕۆكه‌وانی فڕۆكه‌كه‌ ته‌نها كه‌سه‌كه‌ بڕیار ده‌دات، كاتێك دڵنیا ده‌بێت و باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ کێشه‌ ته‌كنیكییه‌كه‌ به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر كراوه‌".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ وتیشی: "جێگه‌ی داخه‌ كه‌ خه‌ڵك قسه‌ و لێدوان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر بواری فڕۆكه‌وانی به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ زانیارییه‌كیان هه‌بێت له‌سه‌ر بواری فڕۆكه‌وانی و چۆنیه‌تی كاركردنی ئه‌و بواره‌. فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل بابه‌تی خزمه‌تگوزاری گه‌شتیاره‌كانی زۆر به‌ هه‌ند وه‌رگرتووه‌. ئێمه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ گه‌شتیاره‌كان به‌ ته‌واوی ناڕه‌حه‌ت بووبوون، به‌ڵام کێشه‌ی ته‌كنیكی زۆر جار روو ده‌دات و له‌م حاڵه‌ته‌دا و به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پێویسته‌ سه‌لامه‌تی گه‌شتیاره‌كان له‌به‌رچاو بگیرێت. گه‌شتیاره‌كان بژارده‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان و تێچووی بلیتی فڕۆكه‌كه‌یان وه‌ربگرنه‌وه‌ و له‌لایه‌ن هێڵی ئاسمانییه‌كه‌وه‌ش خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌ش كرابوو به‌رانبه‌ر ئه‌م دواکه‌وتنه‌".
ئه‌وه‌شی وت: "به‌ڕێز عه‌لی ره‌شید داوای ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و که‌موكورتییه‌ ئیدارییانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل كه‌ خۆی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات!. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌م رووداوه‌ ئه‌نجام بدرێت بۆئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بكرێت بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ ناڕاستانه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ و ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بڵاوبكرێته‌وه‌".
هه‌روه‌ها وتی: "شتێكی گونجاو نییه‌ كه‌ لایه‌نێكی حكومی راگه‌یاندن به‌كاربهێنێت بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌ی ئیداری سه‌ر به‌ هه‌مان حكومه‌ت و له‌ بری هاندان و وروژاندنی گه‌شتیار، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرا رۆڵی هێوركردنه‌وه‌ و دڵنیاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی بدایه‌ وه‌ك ئه‌ركی هه‌موو به‌رپرسێكی حكومی. پاشان، مێكانیزم و رێوشوێنی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ به‌رپرسیار راگرتنی هه‌ر لایه‌نێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كێشه‌ی له‌م جۆره‌دا".
خاتوو ته‌لار فایه‌ق راشیگه‌یاند: "ستافه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ نیگه‌رانن له‌م تۆمه‌ته‌ی كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵیان و به‌ نادادپه‌روارانه‌ له‌ قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن، له‌ كاتێكدا ئه‌و ستافانه‌ هه‌روه‌ك بۆ هه‌مووان روون و ئاشكرایه‌ به‌بی له‌به‌رچاوگرتنی ته‌واوبوونی ده‌وامی فه‌رمی هه‌میشه‌ جێگیر و ئاماده‌ بووه‌ و به‌ ته‌واوی ئه‌ركه‌کانیان به‌جێ گه‌یاندووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ كاتی هه‌بوونی مه‌ترسی داعش و كه‌مبوونه‌وه‌ی مووچه‌ و كاتی داخستنی ئاسمان به‌ رووی هاتووچۆی گه‌شتیاریدا، جگه‌ له‌وه‌ی گه‌وره‌ترین خزمه‌ت و هاوكارییان پێشكه‌ش به‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان كردووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌ركه‌كانی خۆیان، ستافی فڕۆكه‌خانه‌كه‌مان ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌ باشترین شێوه‌ و به‌ به‌رزترین ئاستی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ به‌جێ گه‌یاندووه‌".

راستییه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1. سه‌رجه‌م گه‌شتیاران چوونه‌ ناو فڕۆكه‌كه‌ و له‌ كاتژمێر (13:00) پڕۆسه‌ی (Push Back) بۆ فڕۆكه‌که‌ كرا و دواتر فڕۆكه‌وانی فڕۆكه‌كه‌ بینی كه‌ سیسته‌می فڕۆكه‌كه‌ ئاگاداری ده‌ركه‌وتنی کێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی له‌ناو ئنجینی فڕۆكه‌كه‌ پیشان ده‌دات بۆیه‌ داوای کرد كه‌ فڕۆكه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی خۆی.
2. كاتژمێر (14:00) گه‌شتیاره‌كان له‌ فڕۆكه‌كه‌ هێنرانه‌ خواره‌وه‌ و له‌ گه‌یت (Gate) چاوه‌ڕوانییان كرد، له‌ كاتێكدا ئنجینی فڕۆكه‌كه‌ پشكنینی بۆ ده‌كرا.
3. كاتژمێر (16:00) گه‌شتیاره‌كان دووباره‌ چوونه‌وه‌ ناو فڕۆكه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی راگه‌یێندرا كه‌ فڕۆكه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ فڕین.
4. كاتژمێر (16:52) دووباره‌ فڕۆكه‌كه‌ی هێڵی ئاسمانی ئه‌تڵه‌س گڵۆبال گه‌ڕایه‌وه‌ شوێنی خۆی ئه‌مه‌ش به‌هۆی دووباره‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كه‌. لێره‌دا، بڕیار درا كه‌ چاوه‌ڕێ بكرێت تا ستافی ته‌كنیكی بۆ دروستكردنی فڕۆكه‌كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بێت.
5. به‌هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكییه‌وه‌، ستافی فڕۆكه‌كه‌، به‌پێی رێنماییه‌كانی ICAO، داوای لێ كراوه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئیجباری پشوو وه‌رگرێت. له‌ میانه‌ی ئه‌مه‌دا، گه‌شتیاره‌كان (3) جار ژه‌می خواردنیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌.
6. گه‌شتیاره‌كان بژاری ئه‌وه‌یان پێ دراوه‌ كه‌ جانتاكانیان وه‌ربگرنه‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماله‌وه‌ و ته‌واوی تێچووی بلیتی فڕۆكه‌كه‌یان بۆ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌. لێره‌دا، (13) گه‌شتیار ئه‌م بژاره‌یان هه‌ڵبژاردووه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.
7. كاتژمێر (00:10) ستافی فڕۆكه‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ لای فڕۆكه‌كه‌.
8. كاتژمێر (00:30) پڕۆسه‌ی چوونه‌ ناو فڕۆكه‌ (Boarding) ده‌ستی پێ كردووه‌.
9. كاتژمێر (01:13) فڕۆكه‌كه‌ فڕیوه‌.
فایل No File
  List

په‌یوه‌ندی كردن