كوردى عربى ئینگلیزى
searh
 
Home لاپه‌ڕه‌ى سه‌ره‌كى > زانیاری > هه‌واڵ و ئاگاداریى
هه‌واڵ و ئاگاداریى

نووسه‌ر Web Admin به‌روار 27/04/2018
بابه‌ت فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل سیسته‌می دیاریكردنی به‌رزی باڵه‌خانه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كات
ناوه‌رۆك سیسته‌می نوێی دیاریكردنی به‌رزی باڵه‌خانه‌كان زانست كارا ده‌كات له‌ پڕۆسه‌ی بڕیاردان له‌ پێشخستنی شاری هه‌ولێر

له‌م هه‌فته‌یه‌دا، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل ته‌واوبوونی پڕۆژه‌یه‌كی ماوه‌ی یه‌ك ساڵی به‌ گوژمه‌ی ملیۆنێك و نیو دۆلار راگه‌یاند. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ كاركردن به‌ سیسته‌می دیاریكردنی به‌رزی باڵه‌خانه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر.
به‌م پێیه‌، خاوه‌ن باڵه‌خانه‌كان به‌ وردی ده‌زانن كه‌ ده‌بێت باڵه‌خانه‌ نوێیه‌كانیان چه‌ند به‌رز دروست بكرێن له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌م پڕۆسه‌ نوێیه‌وه‌ كه‌ به‌رزی باڵه‌خانه‌كان دیاری ده‌كات به‌ له‌به‌رچاوگرتنی رێگای ئاسمانی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل.
شاره‌زایانی بواری به‌رگری و بواری فڕۆكه‌وانی فه‌ڕه‌نسی و راوێژكاره‌كانی كۆمپانیای (CGX) ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یان جێبه‌جێ كردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی رووپێوێكی ئاسمانی تێروته‌سه‌ل و راهێنانیان به‌ كارمه‌ندانی فڕۆكه‌خانه‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا و دانانی به‌رنامه‌ی كارپێكردنی سیسته‌مه‌كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل.
به‌ به‌كارهێنانی زانیاری و داتای ورد، سیسته‌مه‌كه‌ راسته‌وخۆ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ئایا ئه‌و به‌رزییه‌ی بۆ باڵه‌خانه‌كه‌ دانراوه‌ ده‌بێته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان یاخود نا. نه‌هێشتنی کۆسپ له‌سه‌ر رێگای ئاسمانی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان به‌شێكی گرنگه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سه‌لامه‌تی بواری فڕۆكه‌وانی.

له‌م باره‌یه‌وه‌، خاتوو ته‌لار فایه‌ق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل رایگه‌یاند: "ته‌واوبوونی ئه‌م پڕۆژه‌ گرنگه‌ یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ کاركردن له‌گه‌ڵ شاره‌وانییه‌كان. پێشتر، بابه‌تی به‌رزی باڵه‌خانه‌كان هۆكاری ناكۆكییه‌كانی نێوان فڕۆكه‌خانه‌ و خاوه‌ن باڵه‌خانه‌كان بوو. ئه‌ركی ئێمه‌ پاراستن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌لامه‌تی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانه‌. ئێستا، ئێمه‌ خاوه‌ن زانست و ته‌كنه‌لۆژیاین و ده‌توانین چه‌ند رێوشوێن دابمه‌زرێنین كه‌ چیتر ده‌رفه‌تی ناكۆكی و گفتوگۆ نه‌هێڵێت".
هه‌روه‌ها وتیشی: "ئه‌م سیسته‌مه‌ یارمه‌تی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان ده‌دات و خه‌رجییان كه‌م ده‌كاته‌وه‌، چونکه‌ دووباره‌ دیزاینكردنی بیناكه‌ خه‌رجی تێ ده‌چێت، به‌ڵام ئێستا به‌ به‌كارهێنانی ئه‌م سیسته‌مه‌، ده‌توانن سوود وه‌ربگرن و به‌رزترین خاڵی بینا و باڵه‌خانه‌كه‌یان بزانن".
ئه‌ژی زیاد، كه‌ به‌رپرسی به‌شی پلاندانانه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ و به‌رپرسیار ده‌بێت له‌ به‌كارهێنان و جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ و هه‌ماهه‌نگی ده‌كات له‌گه‌ڵ شاره‌وانییه‌كان، وتی: "ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ناومانه‌. فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل ئاماده‌یی پیشان ده‌دات بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ شاره‌وانییه‌كان به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ نوێیه‌ و دڵنیابوون له‌ دابینكردنی سه‌لامه‌تی بۆ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا، ئاسانكارییه‌كه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی شاری هه‌ولێر".
فایل No File
  List

په‌یوه‌ندی كردن