كوردى عربى ئینگلیزى
searh
 
Home لاپه‌ڕه‌ى سه‌ره‌كى > زانیاری > هه‌واڵ و ئاگاداریى
هه‌واڵ و ئاگاداریى

نووسه‌ر Web Admin به‌روار 11/10/2017
بابه‌ت روونكردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌ربیل له‌باره‌ی راپۆرتێكی كه‌ناڵی (NRT)ه‌وه‌
ناوه‌رۆك وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و راپۆرته‌ی كه‌ له‌لایه‌ن که‌ناڵی (NRT)یه‌وه‌، دوێنێ شه‌و، له‌ژێر ناونیشانی (وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر لێدوانی جیاواز له‌باره‌ی داهاته‌وه‌ ده‌ده‌ن) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ بده‌م:
له‌ ساته‌وه‌ختێكی ناله‌باری وه‌كو ئێستادا كه‌ كوردستان و به‌تایبه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بن، كه‌ناڵێكی كوردی وه‌كو (NRT) كه‌ هه‌ر له‌ رۆژی دامه‌زراندنییه‌وه‌ خۆی به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رخستووه‌ كه‌ راستییه‌كان ده‌ڵێت له‌ژێر دروشمی (راستگۆیی، هاوسه‌نگی، بوێری) له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پشتگیری خۆی بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی و نه‌وه‌كانی گه‌له‌كه‌ی ده‌رببڕێت و ئه‌و زیانه‌ به‌رچاوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راستگۆیانه‌ بخاته‌ڕوو كه‌ به‌هۆی راگرتنی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی فڕۆكه‌خانه‌كانی کوردستان له‌لایه‌ن حکومه‌تی به‌غداوه‌ به‌ر هاووڵاتیان و ئابوورییه‌كه‌مان كه‌وتووه‌، راپۆرتێكی شیكاری له‌سه‌ر داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا تۆمه‌تی ونبوونی داهات و به‌حزبیبوونی فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌داته‌ پاڵ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی كوردستان!

لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم كه‌ بۆ هاووڵاتیان و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان روون بكه‌مه‌وه‌ و دڵنیایان بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ زۆر دووره‌ له‌ راستی و هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌! ته‌نها یاری كردنه‌ به‌ راستییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌ناڵه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌لارێدابردنی خه‌ڵك له‌ ساته‌وه‌ختێكی هه‌ستیاری وه‌كو ئه‌مڕۆدا، ئه‌گه‌رنا فڕۆكه‌خانه‌ش وه‌کو هه‌ر ده‌زگایه‌كی دیكه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و دیوانی چاودێری داراییه‌وه‌ له‌ژێر چاودێریدا بووه‌ و هه‌رچی پێویست بووه‌ له‌ دۆكیومێنت خراوه‌ته‌ به‌ر ده‌ستی هه‌ردوولا و سه‌رجه‌م داهاته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ و سه‌رچاوه‌كانیشیان روون و ئاشكران.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا، هه‌ندێك له‌ قسه‌كانی من له‌ لێدوانێكم بۆ ئه‌و كه‌ناڵه‌ بڵاوكراوه‌ته‌ كه‌ تیایدا باس له‌و زیانه‌ بازرگانییه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌هۆی راگرتنی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ دووچارمان بووه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ به‌ (350 – 400) هه‌زار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. له‌ راپۆرته‌كه‌یدا، ئه‌م كه‌ناڵه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ی وه‌كو داهاتی سافی رۆژانه‌ی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ به‌كارهێناوه‌ و له‌گه‌ڵ راپۆرتی داهاتی مانگانه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌راورد كردووه‌ كه‌ تیایدا داهاتی سافی خراوه‌ته‌ڕوو، له‌ كاتێكدا من باسی داهاتم نه‌كردووه‌، به‌ڵکو باسی زیانی بازرگانیم کردووه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی ته‌واوی ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ناو سنووری فڕۆكه‌خانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن به‌ چالاكییه‌كانی خودی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی فڕۆكه‌خانه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌دا خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن؛ وه‌كو نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌، سووته‌مه‌نی فڕۆكه‌، باجی گه‌شتیاری، كارگۆ، گومرگ، كافیتریاكان، وه‌ستانی ئۆتۆمبێل، هه‌روه‌ها چالاكی بازرگانی دیكه‌ی جۆراوجۆر له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌، كه‌ له‌ كاتی ئێستادا، به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی به‌غداوه‌، نزیكه‌ی زۆربه‌یان نیمچه‌ وه‌ستاون. زیانی بازرگانی له‌گه‌ڵ داهات دوو شتی له‌یه‌كتر جیاوازن.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌مین نییه‌ كه‌ كه‌ناڵی (NRT) هه‌واڵ و راپۆرتی نادروست له‌باره‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیله‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام هیوادارم كه‌ ئه‌مه‌ ده‌وایین جار بێت و هاووڵاتیان له‌ هه‌واڵ و زانیاری دروست ئاگادار بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌رکی ئه‌خلاقی و نیشتمانی هه‌ر كه‌ناڵێكه‌. له‌ كاتێكیشدا ئه‌گه‌ر زانیاری ورد و دروست له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێت، وه‌كو لایه‌نێكی راگه‌یاندن وا باشتره‌ یان خۆی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌ به‌دوور بگرێت بۆئه‌وه‌ی هاووڵاتیانی پێ چه‌واشه‌ نه‌كات یانیش هه‌وڵ بدات زانیاری دروست له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ كۆبكاته‌وه‌ ئینجا به‌ راستگۆیی بڵاوی بكاته‌وه‌.


ته‌لار فایه‌ق
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی
فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ربیل
11/10/2017






فایل Talar Statement Response to NRT Report.pdf
  List

په‌یوه‌ندی كردن